میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی هێرشی کەسێک بەچەقۆ، بۆسەر هاووڵاتیان لە وێستگەی پاسەکانی حەیفا کەسێک کوژراوە و لانیکەم چوار کەسی تریش برینداربوون، بزوتنەوەی حەماسیش لای خۆیەوە، بەرپرسیارێتی روداوەکە لە ئەستۆ دەگرێت و داوا لە لایەنگرانی دەکات چالاکییەکانیان دژ بە ئیسرائیل چڕ بکەنەوە.

لەپاش ئاگربەستی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل کە 19ـی مانگ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمە بە یەکەم هێرش دادەنرێت کە حەماس بەرپرسیارێتیەکەی هەڵبگرێت.

وتەبێژی پۆلیسی حەیفا، گیان لەدەستدانی پیاوێکی 70ساڵ و برینداربوونی 4 هاوڵاتی تری پشتڕاست کردەوە. 

ڕوونیشیکردەوە، لەناو بریندارەکاندا کوڕێکی 15ساڵی تێدایە و سیانیتریش کە برینی هەندێکیان سەختە.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە، ئیسرائیل رایگەیاند، رێگەنادات کاڵا و شمەکی زیاتر داغڵی کەرتی غەزە بێت و هۆشداریشیدا لە گرتنەبەری رێگەی توندتر دژ بە حەماس، ئەگەر ئاگربەست قبوڵ نەکات.