ئیدارەی سوریا مانەوەی دوو سەربازگەی روسیا لە وڵاتەكەی مەرجدار دەكات و لەبەرانبەردا داوای جێبەجێكردنی سێ مەرج لە مۆسكۆ دەكات، لەنێویاندا یەكلاییكردنەوەی چارەنووسی بەشار ئەسەد.

ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە، لە كۆبوونەوەی رۆژی 29-1ی رابردوو، لەنێوان ئیدارەی سوریا و نێردەی سەرۆكی روسیا لە دیمەشق، ئیدارەی سوریا مانەوەی دوو سەربازگەی روسیای لە خاكی سوریا مەرجدار كردووە و داوایكردووە لەبەرانبەر مانەوەی ئەو دوو سەربازگەیە لە وڵاتەكەی، روسیا سێ مەرج جێبەجێ‌ بكات، ئەوانیش وەرگرتنی چەندین ملیار دۆلار لە روسیا، یەكلاییكردنەوەی چارەنووسی بەشار ئەسەد، لەگەڵ گەڕاندنەوەی پارە بەقاچاخبراوەكانی گەلی سوریا كە براوەتە روسیا.

ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا بۆ قۆناغی راگوزەر دەیەوێت پێداچوونەوە بە گرێبەستی دوو سەربازگەكەی روسیا لە سوریا بكات، كە لەسەردەمی رژێمی پێشوو ئیمزاكراوە و بۆ ماوەی 49 ساڵە، بەڵام نایەوێت بە یەكجاری كۆتایی بە سەربازگەكانی روسیا لە سوریا بهێنێت.

روسیا دوو سەربازگەی لە خاكی سوریا هەیە، ئەوانیش سەربازگەی دەریایی تەڕتوس كە لەساڵی 1977 دروستكراوە لەگەڵ سەربازگەی ئاسمانی حەمیمیم كە لە ساڵی 2015 دروستكراوە.