دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، بەراورد بە 45 ساڵی رابردوو لە 2024دا زۆرترین داواکاری مافی پەنابەرێتی پێشکەش بە بەریتانیا کراوە.

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاندووە، ساڵی رابردوو 31 هەزار و 276 داواکاری مافی پەنابەرێتی پێشکەش بە بەریتانیا کراوە، کە زۆرترین رێژەی داواکارییە لەو کاتەوەی تۆمارکردن لە بەریتانیا لە ساڵی 1979دا دەستی پێکردووە.

دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا ژمارەی داواکاریی مافی پەنابەرێتی گەیشتووەتە 138 هەزار و 108 داواکاریی. ساڵی 2024یش ژمارەی پێوانەیی داواکارییەکانی ساڵی 2022ی شکاندووە.

ئەوەشی خستووەتە روو، داواکاری مافی پەنابەری لە بەریتانیا بە تایبەتی لە سەرەتای ساڵانی 2000دا زۆر بووە و لە نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2020 پەنابەران لە ساڵێکدا لە نێوان 22 هەزار بۆ 46 هەزار کەسدا بووە، لەدوای ساڵی 2020یشەوە زیادبوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

دەزگاکە روونیشیکردووەتەوە، تەنها لە ساڵی رابردوودا 31 هەزار کەس بە بەلەمی بچووکی کۆچەران گەیشتوونەتە بەریتانیا و تەنها داواکارییەکانی مافی پەنابەری ساڵی رابردوو رێژەی 32٪ی کۆی داواکارییەکان پێکدەهێنێت.

دەزگای لوتکە راشیگەیاندووە، هەندێک لە پەنابەران دەستبەجێ لەگەڵ گەیشتنیان بە بەریتانیا داواکاری پێشکەش دەکەن، هەندێکیشیان ماوەیەک دەمێننەوە، بەشێکی دیکەشیان لە رێگای بیزای یاساییەوە دەچنە بەریتانیا و دواتر ناگەڕێنەوە.

باسی لەوەشکردووە، تەنها ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی کۆچەران راگیراون بە رێژەی ١٢٪ زیادیکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا بەریتانیا دوو هەزار و ٢٥١ کەسی گەڕاندووەتەوە وڵاتەکانی خۆیان، کە بەراورد بە ساڵی 2023 بە رێژەی 10٪ ناردنەوەی پەنابەرانی زیاد کردووە.

بەپێی ئامارەکانی دەگای لوتکە، یەکەم وڵات کە هاوڵاتییەکانی زۆرترین داواکاری مافی پەنابەرێتییان پێشکەشکردووە پاکستانە بە 10 هەزار و 542 کەس، بەدوای ئەویشدا ئەفغانستان بە هەشت هەزار و 508 کەس و سێیەمیش ئێرانە بە هەشت هەزار و 99 کەس.