لە قەزای ئەردیش سەر بە پارێزگای وان لە باكوری كوردستان، 10 كۆچبەری ئەفغانی دەستگیركران.

قایمقامیەتی قەزای ئەردیش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕێ كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە، تیمەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی قەزاكە بەردەوامن لە كارەكانیان لە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی كۆچبەران و لە ئۆپەراسیۆنێكدا 10  كۆچبەری خەڵكی ئەفغانستان بە ئۆتۆمبێلێكەوە دەستگیر كراون و دوای ڕێكاری یاسایی، ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی كۆچبەری وان كراون.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر كۆچبەری نایاسیی خەڵكی ئەفغانستان دەچنە شارەكانی باكوری كوردستان بە تایبەتی شاری وان. 

بە گوێرەی ئاماری رەسمی لە توركیا تەنیا لە 12 مانگی ڕابردوو دا زیاتر لە 70 هەزار كۆچبەری ئەفغانی ڕوویان لە توركیا كردووە كە زۆرینەیان لە شارەكانی باكوری كوردستان وەكو وان، قەرس، ئەردەخان و ئاگری نیشتەجێ دەكرێن.