رۆژی چوارشەممە ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا، سەردانی ئوردن دەكات.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری لێپرسراوانی باڵای ئوردنەوە بڵاویكردەوە، شەرع سەردانی ئوردن دەكات و لەگەڵ شا عەبدوڵای كۆدەبێتەوە و تاوتوێی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەكەن.

ئەمەش سێیەم سەردانی ئەحمەد شەرعە لە دوای سەردانی سعودیە و توركیا.

بڕیارە شەرع گفتوگۆی بەرفراوان لەسەر ئاسایشی سنوورەكان و رێگەكانی بەرزكردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەكان لەگەڵ ئوردن ئەنجام بدات.

پەیوەندییەكانی ئەسەد لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دراوسێ، لە سەردەمی شەڕی سوریادا كە نزیكەی 14 ساڵ بەردەوام بوو، ئاڵۆزی تێكەوتبوو.

 شەرع بەڵێنیداوە قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەكان لەسەر سنوورەكانی وڵاتەكەی نەهێڵێت، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتی ئوردن، لێپرسراوانی ئەو وڵاتەش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هاوكاریكردنی سوریا لە هەوڵەكانی ئاوەدانكردنەوەی سوریا.