ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ئەڵمانیا راگەیەنرا
زاهیر
٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥
هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەڵمانیا كۆتایی هات و بە پێی ئەنجامە بەراییەكانیش پارتی یەكێتی دیموكرات مەسیحی ئەڵمانیا 28.5%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و دوای ئەویش پارتی راستڕەوی ئەڵتەرناتیڤ زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە.
دوای داخستنی بنكەكانی دەنگدان لە ئەڵمانیا، بە پێی ئەنجامە بەراییەكان پارتی یەكێتی دیموكرات مەسیحی ئەڵمانیا 28.5%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و لە پلەی یەكەمدایە، دوای ئەویش پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا كە بە پارتێكی توندڕەو دەناسرێت 19.5%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، پارتی سۆشیال دیموكراتیش كە ئۆلاف شۆڵتز راوێژكاری ئێستای ئەڵمانیا سەرۆكایەتی دەكات، 16.5%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و لە پلەی سێیەمدایە.
پارتی سەوزی ئەڵمانیاش بە 12%ی دەنگەكان بووەتە چوارەم، پارتی دیموكراتی ئازادیش 5%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، بڕیاریشە رۆژی دووشەممە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ئەڵمانیا رابگەیەنرێت.
لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا 630 کورسی هەیە
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، پارتی یەكێتی دیموكرات مەسیحی ئەڵمانیا: 211 کورسی بەدەستهێناوە.
پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا 143 کورسی مسۆگەر کردووە.
پارتی سۆشیال دیموكراتیش كە ئۆلاف شۆڵتز راوێژكاری ئێستای ئەڵمانیا سەرۆكایەتی دەكات 117 کورسی بەدەستهێناوە.
پارتی سەوزی ئەڵمانیاش تەنها دەبێتە خاوەنی 96 کورسی .