ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەڕێودەچێت و پێشبینی دەكرێت راستڕەوەكان دەنگێکی زۆر بەدەست بهێنن.

بەپێی راپرسییەك، پارتی سۆسیال دیموكراتی ئۆلاف شۆڵتز، راوێژكاری ئەڵمانیا دەنگەكانی كەمدەكات و 16٪ی دەنگەكان بەدەست دەهێنێت بەوەش دەكەوێتە ریزبەندی سێیەم پارتی وڵاتەكە.

لە راپرسییەكەدا پێشبینی كراوە و پارتی یەكێتی دیموكرات مەسیحی ئەڵمانیا بە بەدەستهێنانی نزیكەی 30٪ی دەنگەكان ببێتە پارتی یەكەم و دوای ئەویش پارتی راستڕەوی ئەڵتەرناتیڤ بە بەدەستهێنانی 20٪ لە ریزبەندی دووەمدا بێت و دوای ئەویش سەوزەكانی ئەڵمانیا بە بەدەستهێنانی 13٪ دەنگەكان ببنە چوارەم.

دوای كردنەوەی سندوقەكانی دەنگدان لە سەعات هەشتی بەیانی، پڕۆسەكە تاوەكو سەعات شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت و لەگەڵ داخستنی بنكەكانی دەنگدان، ئەنجامە بەراییەكان بڵاو دەكرێنەوە، سبەینێش ئەنجامی كۆتایی رادەگەیەنرێت.

چاودێران پێیان وایە ئەو هەڵبژاردنە زۆرترین كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانی ئەڵمانیا و ئەمریكا و جەنگ  لە ئۆكراین دەبێت چونكە جگە لە پارتی ئەڵتەرناتیڤ كە دژی هاوكاریی ئەڵمانیایە بۆ ئۆكراین، هەر سێ پارتەكەی دیكە لەگەڵ بەردەوامبوونی هاوكارییەكانن.