ئەمریكا پرۆژە یاسایەكی لەبارەی ئۆكراینەوە پێشكەشی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە و ركابەری پرۆژەیاساكەی ئۆكراین دەكات كە ئەوروپا پاڵپشتی دەكات.

سەرچاوەیەكی دیبلۆماسی ئەمریكا بە میدیاكانی راگەیاندووە، وڵاتەكەی پرۆژەیاسایەكی پێشكەشی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە و داوا دەكات لە زووترین كاتدا شەڕی ئۆكراین كۆتایی پێبێت بەبێ ئەوەی ئاماژە بەو خاكە بدات كە ئۆكراین لەدەستیداوە.

وتیشی، لە پرۆژەیاساكەدا ئەمریكا ئاماژەی بەوەكردووە، ئامانجی سەرەكی نەتەوە یەكگرتووەكان بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتییە لەگەڵ كۆتاییهێنان بە گرژییەكان بە رێگەی دیبلۆماسی.

دەشڵێت، ئەو پرۆژەیاسایە بۆ یادی سێیەمین ساڵەی شەڕی ئۆكراین و روسیایە و ركابەری پرۆژەیاساكەی ئۆكراین دەكات كە ئەوروپا پاڵپشتی دەكات و رۆژی دوو شەممە لە ئەنجومەنی ئاسایشدا تاوتوێ دەكرێت و رەنگە كۆسپی بۆ دروست بكات.

ڤاسیلی نیبینزیا باڵیۆزی روسیاش لە نەتەوە یەكگرتووەكان پاڵپشتی پرۆژەیاساكەی ئەمریكا دەكات و بە بیرۆكەیەكی نایاب ناوی دەبات.