ترەمپ: پلانەکەم بۆ غەززە تەنیا پێشنیارە و نامەوێت بیسەپێنم
٢١ی شوباتی ٢٠٢٥
سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، پلانەكەی بۆ سەرلەنوێ بنیادنانەوەی غەززە پلانێکی سەركەوتووە و ئامادە نییە بیسەپێنێت بەسەر خەڵكەکەیدا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رادیۆی "فۆكس نیوز" وتی، پێی سەیرە پلانەكەی بۆ سەرلەنوێ بنیادنانەوەی غەززە، لەلایەن میسر و ئوردنەوە رەتكراوەتەوە، لەكاتێكدا ئەو دوو وڵاتە ساڵانە چەندین ملیار دۆلار وەك هاوكاری لە ئەمریكا وەردەگرن.
وتیشی، پلانەكەی لەبارەی غەززە سەركەوتووە، بەڵام نایسەپێنێت بەسەر دانیشتووانی ئەو شارەدا، بەوپێیەش ئەمریكا لەئێستادا تەنها پێشنیازدەكات بۆ داهاتووی غەززە و جێبەجێی ناكات، تا خەڵكی غەززە یەكێك لە پێشنیازەكانی ئەمریكا قبوڵ دەكەن.
ترەمپ راشیگەیاند، بەپێی پلانەكەی، حەماس لە غەززە نامێنێت و كەرتەكە بەرەوپێش دەبرێت، وتیشی، ئەگەر بژاردە بدرێتە خەڵكی غەززە لەنێوان ئێستای غەززە و غەززەی دوای پلانەكە، پێدەچێت خەڵكەكە غەززەی دوای پلانەكە هەڵبژێرن.
ترەمپ پێشنیازیكردووە خەڵكی غەززە بگوازرێنەوە بۆ میسر و ئوردن و كەرتی غەززەش، بكرێتە ناوچەیەكی گەشتیاری پێشكەوتوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەژێر كۆنترۆڵی ئەمریكادا بێت، بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چەندین وڵات ئەو پێشنیازەیان رەتكردووەتەوە.