كۆبوونەوە نهێنییەكانی روسیا و ئەمریكا بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆكراین بەردەوامن
٢١ی شوباتی ٢٠٢٥
بەبێ بەشداری كیێڤ، كۆبوونەوە نهێنییەكانی ئەمریكا و روسیا بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆكراین بەردەوامن.
سێ سەرچاوەی ئاگادار رایانگەیاندووە، لە ماوەی رابردوودا وەفدی ئەمریكی و روسی چەند جارێك لە سویسرا بە نهێنی كۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆی نا رەسمی لەبارەی كۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆكراین، دوایین كۆبوونەوەش هەفتەی رابردوو بووە لە میونشن.
دۆناڵد ترەمپیش كە تەنها یەك مانگە وەك سەرۆكی ئەمریكا دەستبەكاربووە، گۆڕانكارییەكی بەرچاوی لە تێڕوانینی ئەمریكا كردووە لەبارەی ململانێی سێ ساڵەی نێوان ئۆكراین و روسیا، راستەوخۆش پەیوەندی بە ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیاوە كردووە و پاڵپشتی بۆ رێككەوتنێكی خێرا بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە شەڕ دەربڕیوە.
رۆژی سێشەممەی رابردووش وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریكا و روسیا بەرەسمی لە سعودیە كۆبوونەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو پرسە، دواتر ترەمپ هەڵوێستی سەبارەت بە زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین دەربڕی و بە دیكتاتۆر وەسفیكرد.