بەهۆی هێرشی تیمساحەوە منداڵێک لە دوورگەی بۆرنیۆی ئیندۆنیزیا گیانی لەدەستدا، کە تەنها لەم مانگەدا ئەوە دووەم هێرشی تیمساحە لە دوورگەکەدا.

پۆلیسی ئیندۆزنیزیا رایگەیاند، بەهۆی هێرشی تیمساحەوە مندالێکی تەمەن 10 ساڵ لە دوورگەی بۆرنیۆ گیانی لەدەستداوە. باسی لەوەشکرد، ئەو منداڵە لەناو ئاودا مەلەی کردووە و لەو کاتەدا تیمساحەکە پەلاماری داوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێشتا تەرمی منداڵەکە نەدۆزراوەتەوە و پۆلیس و کەسوکاری بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمەکەید.

ئەوەشی خستووەتە روو، دوورگەکە یەکێکە لە دوورگە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی جیهان، ئەو تیمساحەشی پەلاماری منداڵەکەی داوە درێژییەکەی نزیکەی چوار مەتر بووە.

ئیندۆنیزیا بە یەکێک لەو ناوچانەی جیهان دادەنرێت کە رێژەیەکی زۆری تیمساحی لە چەندین جۆری جیاواز لێیە و ساڵانەش رووداوی پەلاماردانی تیمساحی زۆر تێدا تۆمار دەکرێت، بە جۆرێک ئەم رووداوەی ئەمڕۆ، دووەم رووداوی ئەم مانگەی دوورگەی بۆرنیۆ'یە.

رۆژی ٧ی ئەم مانگە، لە هەمان دوورگە منداڵێک لەکاتی مەلەکردندا تیمساح پەلاماریدا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.

مانگی 12ی ساڵی رابردووش، لە کێڵگەیەکی دوورگەکەدا و لەکاتی کارکردندا، تیمساح پەلاماری ژنێکیدا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.