بزوتنەوەی حەماس ئامادەیی دەربڕی غەززە رادەستی دەسەڵاتی فەلەستین بكات بە مەبەستی بەڕێوەبردنی.

ئاژانسی هەواڵی سكای نیوزی عەرەبی لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە ئاشكرایكردوە، بزوتنەوەی حەماس لە نامەیەكی رێكخراودا، ئامادەیی دەربڕیوە بۆئەوەی كەرتی غەززە رادەستی دەسەڵاتی فەلەستین و لیژنەی حكومی بكات بۆ بەڕێوەبردنی شارەكە.

بە وتەی ئەو سەرچاوانە، تەنها مەرجی حەماس ئەوەیە فەرمانبەرەكانی كەرتی غەززە لە ئیدارەی نوێدا شوێنیان بكرێتەوە یاخود خانەنشین بكرێن و گرەنتی دابینكردنی موچەكانیان بكرێت.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، ئەو بڕیارەی حەماس دوای ئەو فشارە گەورانە دێت كە میسر خستویەتیە سەر وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەكە.

بڕیارە ئەم هەفتەیەش دانوستانەكان لەبارەی قۆناغی دوەمی ئاگربەستی غەززە و گۆڕینەوەی بارمتەكان بەردەوام بێت و تەوەری سەرەكی دانوستانەكانیش ئازادكردنی سەرجەم ئەو بارمتە ئیسرائیلیانەیە كە لای حەماسن و لە ژیاندا ماون.