لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەکاندا کاتێک رۆژنامەنووسانی بیانی بە ئینگلیزی پرسیار دەکەن، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە ئەستەم لێیان تێدەگات، هەر بۆیە وەرگێڕێکی دامەزراندووە هەتا لە ئینگلیزییەوە بۆ ئینگلیزی وەرگێڕانی بۆ بکات.
 
لە میانی دیدارە دووقۆڵییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و نارێندرا مۆدیی سەرۆک وەزیرانی هیندستان، سەرنجی هەمووان چووە سەر ئەو وەرگێڕەی لە پشتی ترەمپەوە دانیشتبوو، کە هەمان پرسیاری بە هەمان زمان بۆ سەرۆکی ئەمریکا دووبارە دەکردەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی ترەمپ بە ئەستەم لە شێوەزمانی رۆژنامەنووسانی بیانی تێدەگات، کاتێک بە ئینگلیزی پرسیار دەکەن.
 
پێنجشەممەی رابردوو، لە میانی کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆکی هیندستان، پەیامنێرێک بە ترەمپی وت: " گەلی هیندستان پێشوازیی لە بڕیارەکەت دەکەن بۆ رادەستکردنی تاهور رانا".
 
دواتر رۆژنامەنووسەکە لە ترەمپی پرسی: " لەم چوارچێوەیەدا دەمەوێت پرسیارێکتان لێبکەم، لەم ساڵانەی دواییدا بینیمان چەند گروپێک لە ئەمریکا دەنگی دژە هیندستانیان بەرزکردووەتەوە، باس لە جیابوونەوە و چالاکیی تیرۆریستی لە هیندستان دەکەن، پێتوایە ئەمە لە ئەمریکا بەردەوام بێت؟".
 
ترەمپ لە وەڵامدا وتی: "پێویستە دەنگت بەرزتر بکەیتەوە".
 
دواتر رۆژنامەنووسەکە پرسیارەکەی دووبارە کردەوە، بەڵام ترەمپ وتی: "من لە یەک وشەش تێنەگەیشتم".
 
جێی ئاماژەیە، لە سەرەتای ئەم مانگەشدا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رۆژنامەنووسی ئەفغانی نازیرە کەریمی پرسیاری لە ترەمپ کرد سەبارەت بە پلانەکانی بۆ داهاتووی ئەفغانستان و ئایا دان بە تاڵیباندا دەنێت یان نا؟ ترەمپ لە وەڵامدا وتی: بەزەحمەت لێت تێدەگەم، تۆ خەڵکی کوێیت؟ کاتێک لە وەڵامدا وتی خەڵکی ئەفغانستانە، ترەمپ وتی: " ئەوەی راستی بێت دەنگ و شێوەزمانت جوانن، تەنیا کێشە ئەوەیە کە من لە وشەیەکیش تێناگەم کە دەیڵێیت. بەڵام ئەمە دەڵێم: بەختێکی باش و بە خۆشی و ئارامی بژی"، ئەمەش پێکەنینی رۆژنامەنووسانی نێو هۆڵەکەی بەدوادا هات و رەخنەش لە ترەمپ گیرا کە پرسیارە گرنگەکەی بە هەند وەرنەگرتووە.