بەلەمێکی کۆچبەران لە ناو ئاوی فەڕەنسادا نوقمبوو
رەوەز
١٥ی شوباتی ٢٠٢٥
پاسەوانی کەناراوەکانی فەڕەنسا رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی هەینی لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بەلەمێک کە 70 کۆچبەری تێدابووە، لەکەناڵی ئینگلیز نوقمبووە و بەهۆیەوە کۆچبەرێک گیانی لەدەستداوە.
پاسەوانی کەناراوەکانی فەرەنسا ئاماژەیان بە رزگار کردنی69 کۆچبەر رزگار کردووە و دەڵێن: " تەنها نیوەی کۆچبەرەکان چاکەتی رزگارکەریان لەبەر بووە".
پاسەوانی کەناراوەکانی فەڕەنسا ئەوەشی راگەیاندووە، دوو کۆچبەر بەبێهۆشی هێندرانە سەر کەشتی فریاگوزاری، تەنها تواندرا یەکێکیان رزگار بکرێت و ئەوەیتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، تا ئێستا ئاماژە بە رەگەز و نەتەوەی کۆچبەرە مردوەکە و رزگارکراوەکان نەدراوە.
بە پێی ئامارێکی رێکخراوی کۆچبەرانی جیهان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 10ـی شووبات هەزار و 554 کۆچبەر کەناڵی ئینگلیزیان بەزاندووە و گەیشتوونەتە بەریتانیا.
لە ساڵی 2024یشدا بەگشتی 36 هەزار و 816 کۆچبەر بە بەلەمی بچووک کەناڵی ئینگلیزیان بڕیوە و خۆیان گەیاندۆتە بەریتانیا.