ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین راگەیاند، ترەمپ كلیلی كۆتاییهێنانە بە ناكۆكی نێوان وڵاتەكەی لەگەڵ روسیا.

زیلینسكی لە وتارێكدا لە كۆنگرەی میونشن بۆ ئاسایش وتی، بە چاوپێكکەوتن لەگەڵ سەرۆكی روسیا رازی نابێت، تەنها مەگەر دوای دانوستان لەسەر پلانێكی هاوبەش لەگەڵ ترەمپ.

وتیشی، وڵاتەكەی پێویستی بە زیادكردنی قەبارەی سوپاكەی دەبێت بۆ یەك ملیۆن و 500 هەزار سەرباز، ئەگەر نەتوانێت پەیوەندی بە ناتۆوە بكات.

زیلینسكی ئاماژەی بەوەشكرد، لەم كاتە هەستیارەدا سەردانی سعودیە و ئیمارات و توركیا دەكات، بەو پێیەی وڵاتەكەی چووەتە قۆناغێكی دیپلۆماسی پێشبینی نەكراوەوە، لەبەر ڕۆشنایی هەڵوێستی نوێی ئەمریكا.