بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، شەشهەمین ئاڵوگۆڕی بارمتە و دیلەکان لە نێوان ئیسرائیل و حەماس ئەنجامبدرێت، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەست کە لە 19ی مانگی یەکی ئەمساڵەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بڕیارە حەماس سێ بارمتەی دیکەی ئیسرائیلییەکان ئازاد بکات، ئەمەش دوای ئەوەی میسر و قەتەر نێوەندگیربوون بۆ رێگریکردن لە هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستێک کە نزیکەی مانگێکە شەڕەکانی راگرتووە.

هاوکات بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئەو سێ ئیسرائیلییە لە بەرانبەر 369 زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکرێن.

مانگی رابردوو حەماس رەزامەندی دەربڕی لەسەر رادەستکردنی 33 ئیسرائیلی کە لەنێویاندا ژن و بەساڵاچووهەیە، لە بەرانبەر سەدان بەندکراوی فەلەستینی.

ئەمەش لە کاتێکدا بڕیارە هەفتەی داهاتوو دانوستانەکان لەسەر قۆناغی دووەمی رێککەوتنی سێ قۆناغی دیکەی ئاگربەست دەستپێبکات.