ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكراین رایگەیاند، لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی توركیا دەكات و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كۆدەبێتەوە.

لە پەراوێزی 61 هەمین كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا كە لە شاری میونشنی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا لە پەراوێزی كۆنفرانسەكەدا باسی لە بەرنامەی سەردانەكەی بۆ دەرەوەی وڵات كرد كە بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجامی بدات.

زێلێنسكی ئاماژەی بەوە كرد، لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی ئیمارات دەكات و چەند كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدات، سەبارەت بە پرسی ئاڵوگۆڕی دیلەكان لە چوارچێوەی جەنگی ڕوسیا-ئۆكراین دا.

سەرۆكی ئۆكراین دەشڵێت، دوای ئیمارات سەردانی سعودیە دەكات و دواتریش لەسەر چەند پرسێك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان و بەرپرسانی باڵای ئەنقەرە كۆدەبێتەوە.