دەم پارتی: پێویستە توركیا دەستبەرداری سیاسەتی لەناوبردنی كورد بێت
زاهیر
١٤ی شوباتی ٢٠٢٥
دەم پارتی چوار خاڵ بۆ چارەسەریی پرسی كورد دەخاتەڕو و داوا دەكات توركیا لە ناوخۆدا بە دیموكراسی و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بە گفتوگۆ لە جیاتی شەڕ، دەست لە سیاسەتی لەناوبردنی كورد هەڵبگرێت.
پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان دەم پارتی لە راگەیەنراوێكدا بۆ پڕۆسەی چارەسەریی لە توركیا چوار خاڵی خستوەتەڕو و لە یەكەم خاڵدا جەختی لەسەر ئەوە كردوەتەوە كە بۆ چارەسەری ئاشتیانی پرسی كورد پێویستە عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە ئازاد بركرێت.
لە دووم خاڵی راگەیەنراوی دەم پارتیدا هاتوە پێویستە پەیمانێكی نوێی كۆمەڵایەتی و سیاسیی لە توركیا وەك دڵنیایی بۆ پاراستنی دیموكراسی و مافەكانی كورد مسۆگەر بكرێت و لە خاڵێ سێهەمیشدا داواكراوە كورد و عەرەب و ئەرمەنی و سەرجەم پێكهاتەكانی باكوری كوردستان و توركیا مافەكانیان وەك هاوڵاتییەكی ئەو وڵاتە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە پارێزراو بێت و هیچ جیاوازییەك لە ناو پێكهاتەكاندا نەمێنێت.
دەم پارتی لە چوارەم خاڵی راگەیەنراوەكەیدا بۆ پڕۆسەی چارەسەریی جەختی لەوە كردوەتەوە كە پێویستە توركیا لە جیاتی جەنگ،، سیاسەتی گفتوگۆ و ئاشتیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەبەر و نابێت بەردەوامبێت لە سیاسەتی رەتكردنەوە و لەناوبردنی كورد لە ناوچەكەدا.