بەهۆی گۆڕینی ناوی کەنداوی مەکسیک بۆ کەنداوی ئەمریکا، سەرۆکی مەکسیک هەڕەشە لە کۆمپانیای گوگڵ دەکات و دەڵێت، ئەگەر پێداگربن لەسەر ئەو ناوە، سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەین.

کلاودیا شینباوم سەرۆکی مەکسیک رایگەیاندووە، ئەگەر کۆمپانیای گوگڵ سووربیت لەسەر ئەوەی ناوی کەنداوی مەکسیک بە کەنداوی ئەمریکا ناو ببات، ئەوا سکاڵای یاسایی لەسەر کۆمپانیاکە تۆمار دەکەن.

ئەوەشی خستە روو، مەکسیک هێشتا دەسەڵاتی بەسەر بەشێکی گەورەی ئەو بەنداوەدا هەیە و دەشڵێت، "ئێمە سەروەریمان بەسەر کەناراوەکانی خۆماندا هەیە".

شینباوم راشیگەیاندووە، حکومەتی وڵاتەکەی نامەیەکیان بۆ کۆمپانیای گوگڵ ناردووە و ئاگاداریان کردوونەتەوە کە ناتوانن تەواوی کەنداوی مەکسیک بە کەنداوی ئەمریکا ناو ببەن.

باسی لەوەشکردووە، کەنداوی مەکسیک لە ساڵی 1607ـەوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانی پێدا نراوە.

دوای ئەوەی 24ی مانگی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆی ئەمریكا بە رەسمی ناوی كەنداوی مەكسیكی بۆ كەنداوی ئەمریكا گۆڕی، رۆژی 9ی ئەم مانگە دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەناو فڕۆکەکەیەوە کە بەسەر کەنداوەکەدا دەفڕی، ئیمزای لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە کرد، هەر لە هەمان رۆژدا، 9ی شوباتی بە رۆژی کەنداوی ئەمریکا ناساند.

دوێنێش، لەسەر هەریەک لە گوگڵ ماپ و گوگڵ ئێرز ناوەکەی گۆڕدرا.