تڕەمپ: لەگەڵ پوتین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین رێککەوتووین
هەساو ئەمیر
١٣ی شوباتی ٢٠٢٥
دۆناڵد تڕەمپ رایگەیاند، لەگەڵ پوتین رێککەوتوون لەسەر دەستپێکی گفتوگۆ لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین و پەیوەندی بۆ زیلیسنکیشەوە دەکات بۆ دەستپێکی ئەو هەنگاوە.
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا رێککەوتوون لەسەر دەستپێکی گفتوگۆ لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین. وتیشی، پەیوەندییەکی دوورودرێژ و ئەرێنییان ئەنجام داوە و زۆر بابەتیان هەڵسەنگاندووە.
تڕەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیtruth نووسیوێتی، "پێکەوە کارکردنی ئەمریکا و روسیا لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدایە".
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاندووە، "پێشەکی هەردووکمان لەسەر ئەوە کۆک بووین کە کۆتایی بێت بە جەنگی ئۆکراین کە دەبێتە هۆی کوژرانی ملیۆنان کەس. لەسەر ئەوەش رێککەوتین لەسەر بەردەوامی گفتوگۆکان و کۆبوونەوە لەگەڵ یەکتر. جگە لەوەش هەردوو لا رێککەوتین لەسەر ئەوەی کە (بۆ ڕاگرتنی جەنگ) دەستبەجێ دانوستانەکان دەست پێ بکاتەوە. بۆ ئاگاداری ئەو گفتوگۆیەش پەیوەندی بە ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین دەکەم و زانیاری پێ دەدەم بۆ دەستپێکی ئەو هەنگاوە".
تڕەمپ ئەوەشی خستووەتە روو، لە دانوستانەکاندا هەریەک لە مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە، جۆن راکلیف سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا (CIA)، مایک واڵز راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ستیڤ ڤیتکۆڤ نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشدار دەبن.