تڕەمپ: پلانێکی باشمان بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین هەیە
هەساو ئەمیر
١٠ی شوباتی ٢٠٢٥
دۆناڵد تڕەمپ رایگەیاند، ئەگەر جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین لە کاتی سەرۆکایەتی ئەودا بوایە رێگەی نەدەدا هەڵبگیرسێت. وتیشی، "پلانێکی باشمان بۆ کۆتاییھێنان بەو جەنگە هەیە".
دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر ئەوکاتە سەرۆکی ئەمریکا بوایە، ئەوا جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین هەڵنەدەگیرسا، باسی لەوەشکرد، پلانێکی باشیان ھەیە، بە ئامانجی کۆتاییھێنان بە جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە، لەبارەی ئەو پرسە بە تەلەفۆن لەگەڵ ڤلایمیر پوتین سەرۆکی روسیا قسەی کردووە.
تڕەمپ وتیشی، "بەردەوام پەیوەندیم لەگەڵ پوتین باش بووە".
لە لێدوانەکەیدا تڕەمپ کە بۆ رۆژنامەی نیو یۆرک تایمزی داوە ئەوەشی خستووەتە روو، "جۆ بایدنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا سەرچاوەی شەرمەزاری بوو".
جەنگی ئێستای نێوان روسیا و ئۆکراین لە 24ی شوباتی ساڵی 2022دا دەستیپێکرد، لەو کاتەشەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامە، دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکاش کە لەو ماوەیەی جەنگەگە دەستی پێکرد ئەو لە سەرۆکایەتیدا نەبوو، بەردەوام لەو کاتە و لە ئێستاشدا باس لەوەدەکات، ئەگەر ئەو سەرۆک بوایە رێگەی نەدەدا جەنگ رووبدات.