کۆمیسياری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (OHCHR)، بڵاویکردەوە نیگەرانە لەوەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاری سەپاندنی سزای بەسەر بەرپرسانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی (دادگای لاهای)دا ئیمزا کردووە.

لەو بارەیەوە، کۆمیسياری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیاندراوێکی سەبارەت بە بڕیارەکانی سەر بەرپرسانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی بڵاوکردەوە.

لە راگەیانراوەکەدا هاتووە، "پشتیوانی تەواو لە کارە سەربەخۆکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی و گشت دۆسیەکانی ناو دەسەڵاتی دادوەری دەکەین".

ئەوەشی خستووەتە روو، "دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی کە دوو لەسەر سێی وڵاتانی جیهان پشتیوانی دەکەن، دامەزراوەیەکە چەقی سیستمی دادوەری سزای نێودەوڵەتییە. دامەزراوەیەکی بنەڕەتییە بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و لێپرسینەوە لەو تاوانانەی لە هەر شوێنێک ئەنجام دەدرێن لە ئۆکراینا، سودان، میانمار، خاکی داگیرکراوی فەڵەستین یان هەر شوێنێکی دیکە".

ئەوەش هاتووە، "زۆر نیگەرانین لەو سزا کەسییانەی دوێنێ (لەلایەن ئەمریکاوە) دژ بە کارمەندانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی دەرکرا. داوا دەکەین لەو ڕێوشوێنانە پاشگەز ببنەوە".

ئەوەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، بەهۆی دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بڕیارنامەیەکی سەرۆکایەتیی ئیمزا کرد کە پێشنیاری سەپاندنی سزا دەکات بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتییدا.