بڕیارە لە رۆژی یەکشەممەوە تیک تۆک لە ئەمریکا قەدەغە بکرێت ئەگەر لەلایەن کۆمپانیا چینییەکەوە نەفرۆشرێت، دادگای باڵای ئەمریکاش سوورە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە.

ئاژانسی ''سکای نیوز'' ئاشکرایکردووە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەو ماوەیەی کە لە پۆستەکەیدایە بڕیاری قەدەغەکردنەکە جێبەجێ ناکات، ئەوەش بۆ دۆناڵد ترەمپ جێدەهێڵێت کە بڕیار بدات چی بکات کاتێک دەچێتە کۆشکی سپی.

دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمریکا، کۆشکی سپی لە بەیاننامەکەدا رایگەیاندووە، تیک تۆک لە ئەمریکا دەمێنێتەوە بەڵام بە مەرجێک، کۆمپانیاکە لە ژێر خاوەندارێتی ئەمریکی یان خاوەندارێتییەکی دیکەدا بێت،  کە چارەسەری  نیگەرانی ئاسایشی نیشتیمانی بکات.

هەفتەی رابردوو لە دانیشتنێکی دادگای باڵادا، پارێزەری کۆمپانیای تیک تۆک ڕایگەیاند، ئەگەر قەدەغەکردنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەپەکە لە ئەمریکا "تاریک دەبێت".

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی ''رۆیتەرز'' بڵاویکردەوە، کاتێک هاوڵاتیانی ئەمریکی هەوڵی کردنەوەی ئەپەکە دەدەن، نامەیەکی بەپەلە دەبینن ئاراستەیان دەکات بۆ ماڵپەڕێک کە زانیاری لەسەر قەدەغەکردنەکەی تێدایە.

تیک تۆک لە ئەمریکا زیاتر لە 170 ملیۆن کەس بەکاری دەهێنێت، هاوکات  زیاتر لە ملیار و نیوێک بەکاهێنەری هەیە لە سەرانسەری جیهاندا ، بۆیە کۆمپانیاکە دەتوانێت بە باشی بڕیار بدات کە دەتوانێت بەبێ کاریگەری ئەمریکا بەڕێوەی ببات یاخود نا.