یون سوک یۆل؛ ئەو سەرۆکەی بڕیارێکی تاکلایەنە لە سەرەتای مانگی ١٢ی ساڵی ربردوودا، وای کرد شەپۆلێکی چڕی ناڕەزایەتی لە دژی دەستپێبکات و هەر لە ناو حکومەت و پەرلەمانەوە تاوەکو شەقام لە دژی بووەستنەوە.

ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بوون و چەندین جار پەرلەمان دانیشتنی ئەنجامدا بۆ لێپرسینەوە لەو سەرۆکە، تاوەکو دواجار شەوی رابردوو بە تۆمەتی یاخیبوون و گەندەڵی، بۆ یەکەمجار لە مێژووی وڵاتەکەدا، سەرۆکی کۆریای باشوور دەستگیر کرا.

فەرمانگەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كۆریای باشوور رایگەیاند، بە تۆمەتی یاخیبون و گەندەڵی و چەند تۆمەتێكی دیكە، لەلایەن پۆلیسەوە یۆن سوك یۆلی سەرۆكی كۆریای باشووریان دەستگیر كردووە، کە لە كاتی دەستگیكردنیدا پێكدادان دروستبووە. ئاماژەی بەوەشکرد، یۆن لە دوای دەستگیكردنی رەوانەی كۆمەڵگەیەكی حكومی لە گواچۆن لە باشووری سیئۆل كراوە.

لەدوای دەستگیرکردنی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا یون سوک یۆل رایگەیاند، هەرچەندە دان بە یاساییبوونی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا نانێت، بەڵام دەچێتە بەردەم لێکۆڵینەوە تەنها لەبەر ئەوەی خوێن نەڕژێت و شەڕ دروست نەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەروەریی یاسا بە تەواوی داڕماوە".

 

سەپاندنی ئەو یاسایەی سەرۆکی کۆریای بەرەو ئەو چارەنووسە پەلکێش کرد

لە شەوی ٣ لەسەر ٤ی مانگی ١٢ی رابردوودا، یون سوک یۆل سەرۆکی کۆریای باشوور لەرێگای پەیامێکی ڤیدیۆییەوە رایگەیاند، یاسای سەربازی دەسەپێنن و حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی کار بۆ کۆریای باکوور دەکەن.

ئەو سەرۆکە باسی لەوەکرد، ئەو حزبانە لەیاسا دەرچوون و کار دەکەنە سەر سەقامگیری و ئاسایشی وڵات و دەستیان گرتووە بەسەر پەرلەمان و بڕیارەکانیدا، چونکە یەکیان گرتووە لەسەر کۆمەڵێک پرس و لەناویشیاندا پێشنیازەکانی بودجەی حکومەت.

 

ناڕەزایەتییەکانی دوای بڕیارەکە

بڕیارە تاکلایەنەکەی سەرۆکی کۆریای باشوور ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و هاوڵاتیان دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و بەردەم باڵەخانەی پەرلەمانیان تەنییەوە. هێزێکی سەربازی زۆر بەرەو باڵەخانەی پەرلەمان بەڕێکران و دەرەوە و ناوەوەی باڵەخانەکەیان گرت.

کیم یۆنگ هیون وەزیری بەرگری کۆریای باشوور کۆبوونەوەی بەپەلەی فەرماندە باڵاکانی راگەیاند بۆ ئامادەباشیکردن بۆ هەر ئەگەرێک.لەلایەکی دیکەوە لەسەر ئاستی حزبە سیاسییەکانیش ئەو بڕیارە ناڕەزایەتی تەواوی بەدوای خۆیدا هێنا و هەر بەپەلە دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانیان ئەنجامدا.

لە دانیشتنی پەرلەماندا، بە دەنگی ١٩٠ پەرلەمانتار یاساکەیان رەتکردەوە و سەرۆکی پەرلەمانیش یاساکەی بە "پووچەڵ" ناوبرد.

لە دانیشتنەکەدا ١٩٠ پەرلەمانتار لە کۆی ٣٠٠ پەرلەمانتار ئامادە بوون و سەرجەمیان دەنگیان بە رەتکردنەوەی دا.

دوای ئەوەشی کە پەرلەمان سەپاندنی یاساکەی بە زۆرینەی دەنگ رەتکردەوە، یون لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی راگەیاند.

 

یاسای سەربازی کۆریای باشوور 

یاسای سەربازی کۆریای باشوور ئەو یاسایەیە کە لە دۆخی لەناکاودا رادەگەیەنرێت و لەو کاتەدا سەرجەم دەسەڵاتە تەشریعییەکانی وڵات لادەبرێت و راستەوخۆ کار بەو یاسایە دەکرێت.

بەڵام رێکارەکانی ئەو یاسایە بە جۆرێکن کە بەپێی دەستووری پەرلەمانی کۆریا دەبێت ئەنجومەنی نیشتیمانی وڵاتەکە بە رەزامەندی زۆرینەی پەرلەمان داوای خستنەکاری یاساکە بکات.

بەکارخستنی یاسای سەربازی دەبێت لە دۆخێکدا بێت، کە وڵاتەکە بکەوێتە بارێکی نائاسایی وەک تێکچوونی دۆخی سیاسی، دۆخێکی لەناکاوی کۆمەڵایەتی یان کارەساتی سروشتی و هەر دۆخێکی دیکە کە ببێتە پرسێکی کتوپڕ و کار لە سەقامگیری و ئاسایشی وڵات و حکومەت بکات.

لە ساڵی ١٩٨٠ـەوە، ئەوە یەکەمجارە دۆخێکی لەو جۆرە لە کۆریای باشووردا رووبدات و یاسای سەربازی لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکەوە بسەپێنرێت.

 

رووداوەکانی دوای رەتکردنەوەی سەپاندنی یاسای سەربازی

هەرچەندە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران سەپاندنی یاساکە رەتکرایەوە، بەڵام ئەوە ناڕەزایەتی خەڵک و حزبە سیاسییەکانی کپ نەکردەوە و حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان بە تۆمەتی یاخیبوون سکاڵایان لەسەر تۆمار کرد و داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی کۆریایان دەکرد.

 

فشارە نێودەوڵەتییەکان

لەدوای رووداوەکەوە فشارە نێودەوڵەتییەکانیش بۆسەر یونی سەرۆک دەستی پێکرد، لەو کاتەدا ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە سەرۆکی کۆریای باشوور کرد، بڕیارەکەی بکشێنێتەوە و وتی، "ئەمریکا چاودێری ئەو دۆخە دەکات کە چی روودەدات و چاوەڕوانین بە شێوەیەکی ئارام و ئەو گژییە سیاسییە چارەسەر بکرێت".

ئەگەر چی فشارەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەروەها ناڕەزایەتی شەقام و رەتکردنەوەی بڕیارەکە لە پەرلەمانی کۆریا کۆتایی بەو پرسە هێنا، بەڵام کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان دژی یون سوک یول نەهێنا و خەڵک و حزبەکان سووربوون لەسەر ئەوەی یون دەستلەکار بکێشێتەوە، ئەوە جگە لەوەی ژمارەیەک لە یاریدەدەر و راوێژکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵیان پێشکەش کرد.

دواتریش پەرلەمانی وڵاتەکە دەستی کرد بە ئەنجامدانی چەندین دانیشتن لەسەر ئەو پرسە و لە ١٤ی ١٢دا بە زۆرینەی دەنگ سەرۆکی وڵاتەکەیان سڕ کرد.

 

یون سوک یۆل

یون یوک سۆل لە ساڵی ١٩٦٠ لە کۆریا لەدایکبووە، پارێزەرەو و هەردوو بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری لە بوارەکەیدا لە زانکۆی نیشتمانی سیئۆل، لە ساڵەکانی ١٩٨٣ و ١٩٨٨دا بەدەستهێناوە.

لە سەرەتادا بە کاری پارێزەری دەستی بەکار کردووە، لەو ماوەیەشدا یەکێک بووە لە پارێزەرە سەرکەوتووەکان.

لەماوەی ژیانیدا چەندین پۆست و بەرپرسیارێتی هەبووە و لە ساڵی ٢٠١٧دا داواکاری گشتیی ناوچەی ناوەندیی سیئۆل بووە، دواتر لە ساڵی ٢٠١٩دا وەک داواکاری گشتی ئیدارەی سەربەخۆی مون ژای ئین دیاریکرا و ئەوەش لەلایەن بەشێکی حزبەکانی کۆریای باشوورەوە پێشوازی لێکرا و لەلایەن هەندێکیانەوە رەتکرایەوە.

لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە لەگەڵ حزبی هێزی گەلدا بووە و هەر لە هەمان ساڵدا پەیوەندی لەگەڵ حزبی سەربەخۆییدا هەبووە، لە ساڵی ٢٠٢٢شەوە بووە بە سەرۆکی کۆریای باشوور.

 

ماوەی دوو ساڵە پێگەی یون لاواز بووە

لەم دوو ساڵەی دواییدا یون رووبەڕووی لەدەستدانی بەشێکی پاڵپشتییە جەماوەری و حزبییەکانی بووەتەوە و بە زەحمەت یاسا و پێشنیازەکانی لە پەرلەمانی وڵاتەکەدا تێدەپەڕێنرێن، لە ساڵی ٢٠٢٢وەوە بە شێوەیەکی گشتی ئۆپۆزسیۆن زیاتر باڵادەستە.

ئەمەش دوای ئەو پرسە دێت، کە لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا هاوسەری یون سوک یول بووە جێگای سەرنجی میدیاکان و باس لەو جانتا گرانبەهایە دەکرا کە بەدەستییەوە بوو.

جانتاکەی دەستی هاوسەرەکەی یون بە دیاری وەری گرتبوو لە براندی کریستیان دیۆر بوو و بەهاکەی نزیکەی دوو هەزار و ٢٠٠ دۆلار بوو، کە ئەوەش دژی دەستووری وڵاتەکەیە و هاوسەری سەرۆک کۆمار رێگەپێدراو نییە هیچ دیارییەکی گرانبەها وەربگرێت کە بەهاکەی لە ٨٠٠ دۆلار زیاتر بێت.