حوسییەكانی یەمەن ڕایانگەیاند، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیلیان بە موشەكی بالیستیكی هایپەر سۆنیك كردووەتە ئامانج.

حوسییەكان لە بەیاننامەیەكدا بڵاویانكردەوە، لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەكەیان، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیلیان لە ناوچەی یافا بە موشەكێكی بالیستیكی هایپەر سۆنیك لە جۆری "فەلەستین دوو" كردووەتە ئامانج، ئەوەش سێیەم هێرشە لە ماوەی 12 كاتژمێردا دژی ئیسرائیل ئەنجامیان دابێت.

حوسییەكان ئاماژەیان بەوەشداوە كە موشەكەكە ئامانجەكەی پێكاوە و سیستمەكانی بەرگری ئیسرائیل نەیانتوانیوە ڕێگری لێبكەن.

لەبەرامبەردا سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، هێزی ئاسمانی وڵاتەكەی ڕێگری لە موشەكێك كردووە كە لە یەمەنەوە هەڵدراوە و پێش ئەوەی بگاتە نێو خاكی ئیسرائیل تێكشكێنراوە.