دوای رۆژێک؛ ژمارەی گیانلەدەستدان لە بومەلەرزەکەی چین بۆ ١٢٦ کەس بەرزبووەوە
هەساو ئەمیر
٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
دوای ئەوەی سەرلەبەیانی دوێنێ سێشەممە، بومەلەرزەیەکی بەهێز هەرێمی تبتی چینی هەژاند، تاوەکو ئێستا ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەوە گەیشتووەتە ١٢٦ کەس و ١٨٨ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بومەلەرزەکە گوڕی ٧.١ پلە بوو بە پێوەری رێختەر، قوڵییەکەی ١٠ کیلۆمەتر بوو و چەقی بومەلەرزەکە هەرێمی ئۆتۆنۆمی تبت بوو لە رۆژئاوای چین، بەهۆی هاوسنووری تبت لەگەڵ نیپاڵ و هیندستان، لە هەردوو ئەو وڵاتەشدا هەستی پێکراوە.
ئەگەرچی بومەلەرزەکە لە نیپاڵ بە توندی هەستی پێکراوە، بەڵام میدیاکان هیچ ئامارێکیان لەبارەی بوونی حاڵەتی گیانلەدەستدان و برینداربوون لە وڵاتە نەخستووەتە روو.
بەهۆی بومەلەرزەکەوە تاوەکو ئێستا ١٢٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٨٨ کەسی دیکە برینداربوون، ٤٠٠ کەسیش رزگار کراون.
گوڕی بومەلەرزەکە ئەوەندە بەهێز بووە، بەهۆیەوە سێ هەزار و ٦٠٠ خانوو و باڵەخانە رووخاون و تاوەکو ئێستا ٣٠ هەزار کەس گواستراونەتەوە بۆ شوێنی دیکە.
بەپێی ئامارەکانی بومەلەرزەزانی تبت، لەدوای بومەلەرزە سەرەکییەکەوە بە سەدان پاشەلەرزە روویانداوە، بەڵام زیانیان لێنەکەوتووەتەوە.
لەدوای رووداوەکەوە زیاتر لە سێ هەزار تیمی فریاگوزاری دەستیان بە کار کردووە و ١٤ هەزار کارمەند سەرقاڵی بەهاناوەچوونی هاوڵاتیانی ناوچەکەن.
شەوی رابردوو حکومەتی چین رایگەیاند، ١٣.٦ ملیۆن دۆلاریان بۆ رووداوەکە تەرخان کردووە و دەیانەوێت هەرچی زووە بەهانای سەرجەم هاوڵاتیانەوە بچن.
