ئەمڕۆ رۆژی جیهانی نووسینی زبرە تایبەت بە نابینایان
سام
٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
نووسینی زبر تایبەتە بە نابینایان و هەموو ساڵێک رۆژی ٤ـی ١ یادی دەکرێتەوە کە لەلایەن لویس بڕایڵی فەڕەنسییەوە داهێنراوە.
نووسینی زبر، لەلایەن لویس بڕایڵی فەڕەنسی (١٨٠٩-١٨٥٢) داهێنراوە، بڕایڵ خۆی لە تەمەنی سێ ساڵیدا لە دوکانەکەی باوکیدا کەرەستەیەکی نووکتیژ دەچەقێت بە چاویدا و بەوهۆیەوە نابینا دەبێت، ئەم رووداوە نابێتە هۆی بێ هیوابوونی بڕایڵ لە ژیان، ئەو دەبێت بە میوزیسیانێکی دیار، پاشان بۆ خوێندن دەچێتە پاریس و لە پەیمانگای نیشتمانیی تایبەت بە منداڵانی نابینا دەخوێنێت.
بڕایڵ لە پاریس ئاشنا دەبێت بە سیستمێکی نووسین، کە لەلایەن چارڵز باربێرەوە خرابووە روو، کە لە بەرامبەر فۆنێمەکانی زماندا چەند خاڵێک داندرابوون، لویس بڕایڵ لەو کاتەدا کە تەمەنی ١٥ ساڵ بوو، ئەم سیستمە وەردەگرێت و لە کۆدێکی شەش خاڵیدا سادەی دەکاتەوە و لە چەند شێوەیەکی جیاوازدا لەگەڵ نۆتەکانی مۆسیقادا گونجاندوویەتی.
لە ساڵی ١٨٢٩دا، برایڵ سیستمی نووسینەکەی لە چاپێکی سێ بەرگیدا بڵاوکردەوە و بۆ یەکەم جاریش، لە ساڵی ١٨٣٧ـدا یەکەمین کتێبی قوتابخانەی بەم شێوە نووسینە بە چاپ گەیاند.