هێڵی ئاسمانی قەتەر دوای ١٣ ساڵ گەشتەكانی بۆ سوریا دەستپێدەكاتەوە
ڕێباز
٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
هێڵی فڕۆكەوانی قەتەر دوای نزیكەی ١٣ ساڵ گەشتەكانی بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا دەستپێدەكاتەوە و رۆژی سێ شەممەی داهاتووش یەكەم گەشت ئەنجام دەدرێت.
هێڵی ئاسمانی قەتەر بڵاویكردەوە، لە نزیكەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان كاردەكەن بۆ دڵنیابوون لەوەی كە هەموو ستانداردە پێویستەكانی سەلامەتی و ئاسایش و دەستپێكردنەوەی گەشتەكان لە فڕۆكەخانەی دیمەشق جێبەجێ دەكرێن.
قەتەر دوای روخانی حكومەتی ئەسەد، دووهەم وڵات بوو لە دوای توركیا باڵیۆزخانەی خۆی لە سوریا كردەوە، لە كاتێكدا پێشتر و تاكو كاتی روخانی رژێمی ئەسەد یەكێك بوو لەو وڵاتانەی كە وەكو نەیاری ئەسەد مابووەوە.
لەلایەكی ترەوە ئاژانسی هەواڵی فەلەستین بڵاویكردەوە، دەسەڵاتی فەلەستینی لە كەناری رۆژئاوا پەخشی كەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری بەشێوەیەكی كاتیی راگرتووە.
دەسەڵاتدارانی فەلەستین هۆكاری راگرتنی كاری جەزیرەیان بۆ بڵاوكردنەوەی بابەتی نادروست و هاندان بۆ توندوتیژیی گەراندووەتەوە.