ڤیدیۆ.. لە روداوێکی دیکەی تەقەکردندا لە ئەمریکا ١٠ کەس بریندار بوون
هەساو ئەمیر
٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
لە روداوێکی دیکەی تەقەکردندا لە ئەمریکا ١٠ کەس برینداربوون، کە ئەوە سێیەم روداوی گوماناوییە لەماوەی کەمتر لە ٢٤ سەعاتدا لە ویلایەتە جیاوازەکانی ئەمریکا روبدات.
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، لە نزیک سەعات ١١ و ٢٠ خولەکی شەودا روداوێکی تەقەکردن لە نزیک یانەیەکی شەوانەدا رویداوە لە نیو یۆرک، کە بەهۆیەوە ١٠ کەس بریندار بوون.
پۆلیسی نیو یۆرک باسی لەوەکردووە، هیچ کام لە بریندارەکان دۆخی تەندروستییان ناجێگیر نییە، لەئێستادا گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەری پێویست وەردەگرن.
ئەمە سێیەم رووداوی گوماناوییە لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا لە ئەمریکا رووبدات، شەوی رابردووش ئۆتۆمبێلێکی تێسلا لەبەردەم هۆتێل تڕەمپدا تەقییەوە و میدیاکان باس لەوەدەکەن، پێدەچێت شۆفێرەکە گیانی لەدەستدابێت و حەوت کەسی دیکەش بریندارن.
پێش ئەوەش، ئۆتۆمبێلێک خۆی کرد بەناو یەکێک لە ئاهەنگەکانی کە بۆ سەری ساڵ رێکخرابوو و دواتر دابەزیبوو تەقەی کردبوو، بەهۆیەوە ١٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٣٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەریەک لەو دوو روداوە بە کردەوەی تیرۆرستی ناویان هێنرا و ئێستاش گومان دەکرێت، ئەمە لە زنجیرەی ئەو دوو روداوەی پێشوودا بێت و ئەوەش گومانی لای بەرپرسان دروست کردووە.