دوای ئەوەی بەرەبەیانی دوێنێ لە لاس ڤێگاس، ئۆتۆمبێلێکی تێسلا لەبەردەم هۆتێل تڕەمپدا تەقییەوە، میدیاکان زانیاری نوێ لەزاری بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە ئاشکرا دەکەن.

سەعات ٨:٤٠ خولەکی بەرەبەیانی دوێنێ بەکاتی ئەمریکا، لەبەردەم هۆتێل تڕەمپ لە لاس ڤێگاس ئۆتۆمبێلێکی جۆری سایبرتراکی تێسلا تەقییەوە و باس لەوەدەکرێت ئەگەری هەیە شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدابێت، بەڵام بە رەسمی حەوت کەس برینداربوون.

کیڤن ماکماهێل سەرۆکی پۆلیسی لاس ڤێگاس باسی لەوەکردووە، دوای ئەوەی گەیشتوونەتە سەر روداوەکە راستەوخۆ دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، ئۆتۆمبێلەکە نزیکەی سەعات ٧ و ٣٠ خولەکی بەیانی لە کۆلۆرادۆوە بەرەو لاس ڤێگاس هاتووە و دوای نزیکەی یەک سەعات، لەبەردەم هۆتێل تڕەمپدا وەستاوە و پاش ماوەیەکی کەم تەقیوەتەوە.

شۆفێرەکە پێشتر بە بەردەم هۆتێلەکەدا تێپەڕیوە

کامێراکانی چاودێری ئەوە دەردەخەن، شۆفێرەکەی سەعاتێک بەر لە رووداوەکە بە بەردەم هۆتێلەکەدا تێپەڕبووە و دوات گەڕاوەتەوە و لەبەردەم هۆتێلەکەدا وەستاوە.

پۆلیسی لاس ڤێگاس باس لەوەدەکەن، لەکاتی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەدا چەند هاوەن و یارییەکی ئاگرین لە ئۆتۆمبێلەکەدا بووە و ئەوانیش تەقیونەتەوە و گڕیان گرتووە.

ماکماهێل ئاماژەی بەوەکردووە، تەقینەوەکە نەبووەتە هۆی شکانی شوشەی دەرگا و پەنجەرەکانی پێشەوەی هۆتێلەکە.

سوپاسی ئیلیەن مەسکی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلاشی کرد بەهۆی ئەوەی زۆر هاوکاریان بووە و زانیاری ورد و زیاتری پێداون لەوەی کە پێویستیان بووە لەسەر ئۆتۆمبێلەکە. هەروەها زانیاری تەواوی داونەتێ لەسەر ئەو وێستگانەی ئۆتۆمبێلە تێسلاکە پاترییەکەی تێدا شەحن کردووەتەوە، بەئامانجی ئەوەی چی زووترە ناسنامەی شۆفێرەکە ئاشکر بکەن.

ئەو روداوەی لاس ڤێگاس لەدوای چەند کاتژمێرێک هات لە روداوەکەی ویلایەتی نیو ئۆرلیانز، کە کەسێک بە ئۆتۆمبێلەوە خۆی کرد بە ئاهەنگێکی سەری ساڵدا و دواتریش دابەزی تەقەی کرد، کە بەهۆیەوە ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٣٠ کەسیش برینداربوون. دواتریش ئەو روداوە بە کردەوەیەکی تیرۆرستی ناوهێنرا.

لەبارەی روداوەکەشەوە جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەکرد، لێکچوونێک هەیە لەنێوان هەردوو روداوەکەدا و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە. وتیشی، "ئەو روداوانە کردەوەیەکی قێزەونن".

ئێستا گومانەکان لەسەر ئەوەن تەقینەوەی تێسلاکەش روداوێکی تیرۆرستی بێت و پەیوەندی بە هەمان روداوی ویلایەتی نیو ئۆرلیانزەوە هەبێت.

لەبارەی روداوەکەوە ئیلۆن مەسک ئاماژەی بەوەکرد، پێدەچێت کردەوەیەکی تیرۆرستی بووبێت، تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی تێسلا پەیوەندی بە خودی ئۆتۆمبێلەکەوە نەبووە، بەڵکو دڵنیاین لەوەی کە چەندین یاری ئاگرین و تەقەمەنی و هاوەن لە سندوقی ئۆتۆمبێلەکەدا هەڵگیراون و ئەوانە هۆکارەکەی بوون.

هۆتێڵ تڕەمپ یەکێکە لەو شوێنانەی سەر بە 'دامەزراوەی تڕەمپ'ـە، کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، ئیلۆن مەسکیش یەکێکە لەو کەسانەی زۆرترین پشتیوانی تڕەمپی کردووە لە بوونەوە بە سەرۆکی ئەمریکا.