توركیا گرێ‌ سپی و گوندێكی لە دەوروبەری بەنداوی تشرین تۆپبارانكرد و لە هەرێمی تەبقەش كارگەیەكی شەكری كردە ئامانج.

توركیا بەردەوامە لە بۆردومانكردنی رۆژئاوای كوردستان لەو چوارچێوەیەشدا، سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكان گوندێكی لە رۆژئاوای گرێ سپی و گوندی بیرحەسۆی لە دەوروبەری بەنداوی تشرین_یان تۆپباران كرد، بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیش لە شاری دێر حافر سەر بە كانتۆنی تەبقە كارگەیەكی شەكری بۆردوومانكرا و بەهۆیەوە زیانی زۆری ماددی بە كارگەكە گەیشت.

لەلایەكی تریشەوە لە بەرانبەر هێرشەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكان بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ، ژنانی ئەنجومەنی سەربازیی سەرێكانی، لە چالاكییەكدا سیستمی راداری لە بنكەی سەربازیی توركیا لە گوندی مێناكس لە سەرێكانی تێكشكاند.