هونەرمەندی ناوداری ئێران موحسین چاوەشی، لەم ساڵدا زیاتر لە ٦٠٠ زیندانی ئازادکردووە کە تاوانی نائەنقەستیان ئەنجامداوە و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە. 

ئەسەدوڵا جۆلایی بەرپرسی دامەزراوەی (دیەی ئێران) کە دامەزراوەیەکی خێرخوازییە پارە بۆ ئەوە کەسانە کۆدەکاتەوە کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، رایگەیاند، "موحسین چاوەشی هونەرمەند و ئاوازدانەر، لەم ساڵدا توانیویەتی حەوت ملیار تمەن کۆبکاتەوە و ٦٠٠ کەس کە تاوانی نائەنقەستیان ئەنجامداوە ئازاد بکات".

موحسین چاوەشی، هونەرمەندێکی ناوداری ئێرانە و خاوەن هەوادارێکی زۆرە لە ناوخۆی وڵاتەکەیی و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام خاوەندی نزیکەی شەش ملیۆن هەوادارە، لەم ساڵانەی دواییدا بڵاوکراوەکانی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئازادکردنی زیندانیان و ئەو کەس و شوێنانەی کە پێویستیانە، زیادیکردووە.

موحسین چاوەشی رۆژی ٣٠ـی ٧ـی ١٩٧٩ لە خورەمشەهر لەدایکبووە، هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی منداڵێکە. لەئێستادا لە تارانی پایتەختی ئیران دەژی و بە کەسێک دەناسرێت کە حەزی بە خۆدەرخستن نییە و هیچ کاتێک کۆنسێرت ئەنجام نادات، سەرەرای ئەوەش خاوەنی هەوادارێکی زۆرە لە ئێران و وڵاتانی ناوچەکەش.