بۆ یەکەمجار؛ ژنێک بووە حاکمی بانکی ناوەندیی سوریا
هەساو ئەمیر
٣٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
ئەمڕۆ و بۆ یەکەمجار، حکومەتی نوێی سوریا ژنێکی وەک پارێزگاری بانکی ناوەندیی سوریا دیاریکرد.
میساء سابرین ئەو خانمەیە کە وەک پارێزگاری بانکی ناوەندیی سوریا دیاریکراوە، ئەمڕۆ دووشەممە، حکومەتی راگوزەری سوریا دەستبەکاربوونەکەی راگەیاند.
میساء خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایە لە ژمێریاریدا و لە مێژووی دامەزراوە داراییەکانی سوریادا ئەوە یەکەمجارە ژنێک بچیتە ئەو پۆستەوە.
میساء لە شوێنی محەمەد عیسامی پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندی دەستبەکاربووە، کە لە ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن بەشار ئەسەدەوە بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرابوو.
میساء بەر لە بوون بە پارێزگاری بانکی ناوەندی، چەندین پۆستی دیاری لە بانکەکەدا هەبووە و لە ساڵی ٢٠١٨شەوە جێگری یەکەمی محەمەد عیسام بووە. سەرەڕای ئەوەی پێشتریش سەرۆکی بەشی چاودێری بانکەکە بووە و چەند پۆستێکی دیکەشی هەبووە.
لەماوەی چەند رۆژی رابردووشدا، حکومەتی ئێستای سوریا عائیشە دبسیان بە پۆستی بەرپرسی نوسینگەی کاروباری ژنان دیاریکرد، کە عائیشە بووە یەکەم ژن لە حکومەتی نوێی سوریادا پۆستێکی فەرمی هەبێت و لەئێستاشدا میساء دووەم ژنە پۆستێکی فەرمی وڵاتەکەی پێبدرێت.