لە کەناڵی ئینگلیز بەلەمێکی کۆچەران نقوم بوو؛ گیانلەدەستدان هەیە
هەساو ئەمیر
٢٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
میدیاکانی فەرەنسا رایانگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ بەلەمێکی کۆچەران نقومبووە و بەهۆیەوە سێ کۆچەر گیانیان لەدەستداوە و ١٠ی دیکەیان بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.
میادیاکان ئەوەشیان خستووەتە روو، ئەو کۆچەرانە ویستوویانە لە کەناڵی ئینگلیز لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بچن، بەڵام لەنزیک کاڵاس بەلەمەکەیان تێکشکاوە و بەهۆیەوە سێ کۆچەر گیانیانلەدەستداوە و ٥٠ کۆچەریش رزگارکراون، کە تەندروستی ١٠یان ناجێگیرە.
لەئێستادا تیمەکان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای کۆچەرەکانی دیکەدا.
تەنها لە دوو رۆژی رابردوودا ٦٢٧ کۆچەر کەناڵی ئینگلیزیان بەرەو بەریتانیا بڕیوە
بەپێی دوایین ئامارەکانی بەرپرسانی بەریتانیا، لەمانگی ١٢ی ئەمساڵدا چەندین کۆچەر توانیویانە کەناڵی ئینگلیز ببڕن، کە رێژەی کۆچەکان لە رۆژانی کریسمس ٢٥ی مانگ و بۆکسین دەی و ٢٧ی مانگدا زیاتر بوون، کە لە ساڵی ٢٠١٨وە ئاماری لەو جۆرە تۆمارنەکراوە لەو رۆژانەدا.
باس لەوەش دەکەن، تەنها لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا ٦٢٧ کۆچەر بە شەش بەلەمی بچووک گەیشتوونەتە بەریتانیا، لە رۆژی بۆکسین دەی'شدا ٤٠٧ کۆچەر کەناڵەکەیان بڕیوە، بەکۆی گشتی لەو ماوە کەمەدا ١٥٠ هەزار کۆچەر توانیویانە کەناڵەکە ببڕن و بگەنە بەریتانیا.
ئەوەشیان خستووەتە روو، لەماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا ٣٦ هەزار و ٢٠٤ کۆچەر توانیویانە بگەنە بەریتانیا، کە ئەوەش بەرێژەی ٢٣٪ بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاترە.