وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ئەگەر ئەمریكا ئارەزووی وەستاندنی شەڕە لە ئۆكراین ، پێویستە ناردنی چەك بۆ كیێڤ رابگرێت. 

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی نۆڤۆستی رایگەیاند ، ئیدارەی ئێستا و داهاتووی ئەمریكا گرنگە هەموو رێگایەك بگرنەبەر ئەگەر ئارەزووی كۆتایی هێنانیان بە شەڕی ئۆكراین هەیە، یەكەم هەنگاویش راگرتنی ناردنی هاوكاری سەربازییە بۆ كیێڤ و ئاگاداركردنەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بۆ راگرتنی شەڕ.

دەشڵێت، روسیا ئامادەی گفتوگۆ و دانوستانە لە بارەی ئۆكراینەوە، بەڵام گرنگە كێشە بنەڕەتیەكان چارەسەر بكرێن و مانەوەی بنكەكانی روسیاش لە سوریا یەكێك دەبێت لە تەوەرەكانی دانوستان.

وتیشی، ئەمریكا و ناتۆ ئەگەر لە سنورەكانی روسیا نزیك ببنەوە باجی قورس دەدەن و بەرپەرچیان دەدەنەوە.