دەم پارتی راگەیەنراوێكی لەبارەی ناوەڕۆكی گفتوگۆكانی دیداری عەبدوڵا ئـ.ـۆجـ.ـەلـ.ـان بڵاوكردەوە
هەساو ئەمیر
٢٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
دەم پارتی راگەیەنراوێكی لەبارەی ناوەڕۆكی گفتوگۆكانی دیداری عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوكردەو و رایگەیاندووە، تەندروستی رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان زۆر باشە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆجەلان ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ پشتیوانیكردن لە دەستپێشخەرییەكەی ئەردۆغان و باخچەلی و داوای لە وەفدەكە كردووە بۆچوونەكانی بگەیەنێتە ناوەندە سیاسییەكانی توركیا.
ئەوەش هاتووە، ئۆجەلان ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی بۆچوونەكانی لە رێگەی بانگەوازێكەوە بڵاوبكاتەوە و وتوویەتی، "بەهێزكردنی برایەتی نێوان كورد و تورك بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە".
دەم پارتی ئەوەشی خستووەتە روو، "ئۆجەلان رایگەیاندووە، بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی پێویستە سەرجەم لایەنەكان دەستپێشخەری و هەڵوێستی ئەرێنی بخەنەڕوو، رووداوەكانی غەززە و سوریا دەریانخست كە ناكرێت چیتر پڕۆسەی چارەسەریی دوابخرێت، لەرێگەی دەستێوەردانی دەرەكی هەوڵی ئاڵۆزكردنی پڕۆسەی چارەسەر دەدرێت".
ئۆجەلان وتووشییەتی، "سەردەم سەردەمی ئاشتی و دیموكراسی و برایەتییە بۆ توركیا و ناوچەكە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای ١٠ ساڵ لە رێگریی دەسەڵاتدارانی توركیا، دوێنێ ٢٨ی ١٢، رێگە درا وەفدێكی پەرلەمانتارانی پارتی یەكسانی و دیموكراسی دەم پارتی بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بچنە دوورگەی ئیمڕاڵی و لەگەڵیدا کۆببنەوە، کە کۆبوونەوەکەش سێ سەعاتی خایاند.