پوتن داوای لێبوردن لە سەرۆكی ئازەربایجان دەكات
٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی وڵات، داوای لێبوردنی لە هاوتا ئازەرییەكەی كردوە، كە رۆژی چوارشەممەی رابردوو فڕۆكەیەكی ئازەربایجانی لە ئاسمانی روسیادا تووشی روداوێكی كارەساتبار بوو.
كرێملین، لە پێگەی تایبەتی خۆی بڵاویكردەوە، ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ سەرۆكی ئازەربایجان ئەنجامداوە، پەیوەندییەكەش لەبارەی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگری هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان بووە، كە لە رۆژی ٢٥ـی ئەم مانگە لە نزیك شاری ئاكتاو لە كازاخستان كەوتەخوارەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٣٠ كەس گیانیانلەدەستدا.
ئەوەش هاتووە، سەرۆكی روسیا داوای لێبوردنی كردوە بۆ ئەو روداوە دڵتەزێنەی كە لە ئاسمانی وڵاتەكەی رویداوە، سەرەخۆشی و دڵسۆزی خۆی بۆ كەسوكاری قوربانییەكان دەربڕیوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە جۆن كێربی وتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا دەڵێت، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان بۆیان دەركەوتووە سیستمی بەرگری ئاسمانی روسیا بە هەڵە فڕۆكەكەی ئازربایجانی خستوەتە خوارەوە.