رێكخراوی یونیسێف رایگەیاند، ساڵی ٢٠٢٤ یەكێك بووە لە خراپترین ساڵەكان بۆ منداڵانی ئەو ناوچانەی شەڕ و ململانێی سەربازییان تێدابووە.

كاسرین راسڵ بەڕێوبەری جێبەجێكاری یونیسێف ئەوەیخستەڕوو، ساڵی ٢٠٢٤ یەكێك بووە لە خراپترین ساڵەكان بۆ منداڵانی ناوچەكانی شەڕ لە مێژووی رێكخراوەكەدا، هەم لەڕووی ژمارەی ئەو منداڵانەی زیانیان لێكەوتووە و هەم لە ڕووی ئاستی كاریگەریی لەسەر ژیانیان.

رێكخراوەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە، نزیكەی ٤٧٣ ملیۆن منداڵ لە ناوچە نا ئارامەكاندا دەژین بەجۆرك زیاتر لە یەك لەسەر شەشی منداڵانی جیهان دەكات.

دەشڵێت، رێژەی ئەو منداڵانەی لە ناوچە نا ئارامەكاندا دەژین، لەئێستادا لە ١٩٪ـی منداڵانی جیهان دەگرێتەوە و بەراورد بە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو ئامارەكە دوو هێندە بووە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، شەڕ و ململانێكان لە هەریەك لە وڵاتانی فەلەستین، لوبنان، ئۆكراین و روسیا و سوریا و بەشێكی دیكەی جیهان بەردەوامە و تیایدا منداڵان زەرەرمەندی یەكەمن.