بۆ یەکەمجار ئیسرائیل بە رەسمی دانی بە کوشتنی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماسدا نا و وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، "چیمان بەسەر ئیسماعیل هەنیە و یەحیا سینوار و حەسەن نەسروڵادا هێنا لە تاران و غەززە و لوبنان، هەمان شت لە یەمەن دووبارە دەکەینەوە".

یسرائیل کاتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە راگەیانراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، "بەهێزەوە لە حوسیەکان دەدەین، ژێرخانی ستراتیژیی و لوتکەی سەرکردەکانیان بە ئامانج دەگرین، چیمان بەسەر ئیسماعیل هەنیە و و یەحیا سینوار و حەسەن نەسروڵادا هێنا لە تاران و غەززە و لوبنان، هەمان شت حەدیدە و سەنعای یەمەن ئەنجام دەدەینەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەمانەوێت نامەیەکی روون بگەیەنینە حوسیەکان، شکستمان بە حەماس هێنا، شکستمان بە حزبوڵا هێنا، سیستمی بەرگری ئێرانمان کوێر کردووە و زیانمان بە بەرهەمهێنانی تاران گەیاندووە، هەر ئێمە بووین رژێمی ئەسەدمان لە سوریا تێکشکاند و گورزی کوشندەمان لە بەرەکانی جەنگ دا، بۆیە بە هەمان شێوە حوسیەکان لە یەمەن دەکەینە ئامانج، کە لەئێستادا کۆتا رێکخراون ئیسرائیل بە ئامانج دەگرن".

دەشڵێت، "ئەوەی دەست لە ئیسرائیل بەرز بکاتەوە، دەستی دەبڕین و دەستی درێژی سوپای ئیسرائیل لێی دەدات و لێپرسینەوەی لێدەکات".

ئەو راگەیەنراوەی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لەکاتێکدایە، کە هەفتەی رابردوو، چەند موشەکێک لە یەمەنەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل کران و بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەش داوای لە سوپای وڵاتەکەی کرد، وەڵامدانەوەیان هەبێت و رایگەیاند، "هێزەکانمان بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانی ستراتیژی حوسیەکان ئاڕاستە دەکەین".

لەدوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران لە رۆژی ٣١ی ٧ی ئەمساڵدا، ئەم یەکەمجارە ئیسرائیل بە فەرمی دان بەوەدا بنێت ئەوان کوشتویانە.