ئەردۆغان: رێگە بە كەس نادەین ببێتە هەڕەشە بۆ سەر توركیا
٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، یەكپارچەیی خاكی سوریا هێڵی سورە و ئەنكەرە هاوكاریی خەڵكی ئەو وڵاتە دەكات و هەوڵی دەركردنی نەیارانی توركیا لە سوریا دەدەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای تەوابوونی كۆبوونەوەی كابینەی حكومەتەكەی رایگەیاند: دڵخۆشە بەو گۆڕانكارییانەی لە سوریا روویداوە، وتیشی ئەوان لە شوێنە راستەكەی مێژوودا وەستان.
وتیشی، ئەو دۆخە نوێیەی كە لە سوریا روویداوە سەرنجی جیهانیانی بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە، ئەوان وەك وڵاتێكی برای سوریا خوێندنەوەی باشیان بۆ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق هەیە.
ئەردۆغان جەختی لە پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ گەلی سوریا كردەوە و رایگەیاند، رێگە بە كەس نادەن ببێتە هەڕەشە بۆ سەر توركیا.
ئەردۆغان جەختی لە یەكپارچەیی خاكی سوریا كردەوە، وتیشی، پاراستنی یەكپارچەیی خاك و پێكهاتەی سوریا لە هەر دۆخێكدا هێڵی سوری ئەوانە و لەم بارەیەوە پاشەكشەكە ناكەن.