وەزارەتی دەرەوەی ئوردون رایگەیاند، بە سەردانێکی رەسمی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان لە دیمەشقە و لەگەڵ محەمەد جۆلانی و چەند بەرپرسێکی دیکە کۆدەبێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئوردون رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، بە سەردانێکی رەسمی ئەیمەن سەفدی وەزیری دەرەوە گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع ناسراو بە ئەبو محەمەد جۆلانی فەرمەندەی گشتیی تەحریر شام و چەند بەرپرسێکی دیکە کۆدەبێتەوە.

ئەمە یەکەم سەردانی رەسمی بەرپرسێکی باڵای ئوردونە بۆ سوریا لەدوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، لەکاتێکدا ئوردون لەگەڵ سوریادا سنوورێکی وشکانییان بە درێژایی ٣٧٥ کیلۆمەتر هەیە.

رۆژی ٨ی ئەم مانگە بە فەرمی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا راگەیەنرا و لەدوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە، چەندین بەرپرسی وڵاتان سەردانی سوریایان کردووە و پشتگیرییان بۆ دووبارە بونیادنانەوەی سوریا و حکومەتێکی دیموکراسی دەربڕیوە.