ئەندامێكی كۆمارییەكانی ئەمریكا دەڵێت، واشنتۆن دەستبەرداری هەسەدە نابێت و لە ناوچەكە دەمێننەوە.

حازم غبرا ئەندامی پارتی كۆمارییەكانی ئەمریكا رایگەیاند، ئەنقەرە هەڵەیە ئەگەر پێی وابێت دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا گرنگی بە رەوشی سوریا نادات، چونكە ئەمریكا لە ناوچەكە دەمێنێتەوە و دەستبەرداری هێزەكانی سوریای دیموكراتیش نابێت، كە هاوبەشی ئەمریكایە لە شەڕی دژی تیرۆر.

وتیشی، ئامادەكردنی رەشنووسەیاسایەك لە كۆنگرێس بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەنكەرەدا بەهۆی تاوانەكانی لە رۆژئاوای كوردستان، جەختكردنەوەیە لەوەی ئەمریكا دەستبەرداری هاوپەیمانەكانی نابێت.

ماوەی چەند رۆژێكە، سیناتۆری دیموكراتەكان كریس ڤان هۆڵن و سیناتۆری كۆمارییەكان لیندسی گراهام لە كۆنگرێسی ئەمریكا سەرقاڵی ئامادەكردنی رەشنووسەیاسایەكن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەنكەرە، ئەگەر ئەو وڵاتە پێشنیازی ئاگربەستەكەی ئەمریكا لەگەڵ هەسەدە قبوڵ نەكات و لەسەر پێشنیازی مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەكانی هەسەدەش ناوچەیەكی داماڵڕاو لە چەك لە سوریا دروست نەكات.

پێشتریش، جۆن كەنەدی سیناتۆری كۆمارییەكان لە دانیشتنێكی كۆنگرێسدا پەیامێكی ئاراستەی توركیا كرد و وتی، بە نیازی هەرچییەكی بەرامبەر كوردەكانی رۆژئاوای كوردستان مەیكە، ئەگەر دەست لە تاڵە قژێكیان بدەیت، داوا لە كۆنگرێسی ئەمریكا دەكات هەڵوێست وەربگرێت.