فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ئەسعەد حەسەن شەیبانی، بە وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی سوریا دیاریکرد، کە دیاریکردنی شەیبانی دوای رۆژێک دێت لە سەردانەکەی شاندەکەی ئەمریکا بۆ سوریا.

شەیبانی لە ساڵی ١٩٨٧دا لە حەسەکە لە دایکبووە و لەگەڵ خێزانەکەیدا ڕوویان لە دیمەشقی پایتەخت کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٩دا بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی لە کۆلێجی هونەر و زانستەکان تەواو کردووە.

بەپێی ئاژانسی رەسمی سانا، لە ساڵی ٢٠٢٢دا شەیبانی ماستەری لە زانستی سیاسیی و پەیوەندییەکانی دەرەوەدا بەدەستهێناوە. دواتر دکتۆرای لە هەمان پسپۆڕیدا بەدەست هێناوە.

لە ساڵی ٢٠١٧شدا بەشداری لە دامەزراندنی حکومەتی رزگاریی سوریادا کردووە.

لەوبارەیەوە سەرچاوەیەک لە حکومەتی کاتیی سوریاوە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، هەنگاوی دانانی شیبانی بە وەزیری دەرەوە، وەک وەڵامدانەوەیەکی خواستەکانی گەلی سوریایە بۆ بونیادنانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ دەرەوە، بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. 

ئەسعەد حەسەن شەیبانی پێشتر ئەرکی سەرۆکایەتی کاروباری سیاسیی بووە لە ئیدارەی مەدەنیی ئیدلب، هاوکات، پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ نوێنەرانی حکومەت و دامودەزگاکانی دەرەوە و کاروباری رێکخراوەکانی هاوکاری مرۆیی و رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

هەروەها شەیبانی لە ساڵی ٢٠١١وە لەگەڵ ئەو گروپانە لە پەیوەندیدایە کە دژ بە رژێمی پێشووی سوریا کاریان دەکرد.

لە رۆژی ٨ی ئەم مانگەدا بە فەرمی کۆتاییهاتنی رژێمی بەشار ئەسەد راگەیەنرا و بەوەش کۆتایی بە حوکمی ٥٣ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هات لە سوریادا.