لە ماوەی پێنج ساڵدا بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە لە باشور و رۆژئاوای كوردستان ١٣ رۆژنامەنوس گیانیان لەدەستداوە و حەوت رۆژنامەنوسیش برینداربوون.

بەپێی ئامارەكان لە ماوەی پێنج ساڵدا بەهۆی هێرش و بۆردومانەكانی توركیاوە ١٣ رۆژنامەنوس گیانیان لەدەستداوە و حەوت رۆژنامەنوسیش برینداربون، رۆژی ١٩ی ئەم مانگەش سوپای توركیا لە باشوری كۆبانێ لەسەر رێگای نێوان بەنداوی تشرین و شارۆچكەی سیرین، دوو رۆژنامەنوسی كردە ئامانج و لە ١١ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩شدا رۆژنامەنووس ڤێدات ئەردەمچی لە هێرشێكی ئاسمانیدا لە سەرێكانی گیانی لەدەستدا، لە ١٣ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩شدا پەیامنێری ئانها و پەیامنێری چرا تیڤی لە بۆردومانێكدا لە سەرێكانی گیانیان لەدەستدا، هەر لەو مانگەدا دوو رۆژنامەنوسی تریش لە هێرشێكدا لە گرێ‌ سپی گیانیان لەدەستدا، زیزیس سینكێش لە كاتی بۆردومانی توركیا لە تەل تەمر گیانی لەدەستدا.

هەر بەپێی ئامارەكان لە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، پەیامنێری ئانها، لە هێرشێكدا لە دێریك گیانی لەدەستدا، لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣ لەسەر رێگای قامیشلۆ- عامودە كارمەندی كەناڵی ژن تیڤی گیانی لەدەستدا و پەیامنێرێكیش بریندار بوو.

هەروەها ٨ی تەمموزی ٢٠٢٤ش دوو كارمەندی تەلەفزیۆنی چرا لە ئەنجامی بۆردومانەكەدا برینداربوون، لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤یش ئۆتۆمبێلێك لە نزیك سەیدسادق كرایە ئامانج و دوو رۆژنامەنوس گیانیان لە دەستدا و ٦ كەسی تریش برینداربوون.