لە هێرشەكانی ٢٤ سەعاتی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە زیاتر لە ٧٧ كەس كوژراون، سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكانیش دەڵێت، پێویستە هێرشەكان رابگیرێت.

وەزارەتی تەندروستی غەززە بڵاویكردووەتەوە، لە هێرشەكانی ٢٤ سەعاتی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لانیكەم ٧٧ فەڵەستینی كوژراون و ١٧٤ كەسیش بریندرابوون.

ئەنتۆنی گۆتیرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، هێرشكانی ئیسرائیل سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ و یاساكانی جەنگە.

گۆتیرێس جەختی لەوەشكردووەتەوە، پێویستە ئیسرائیل بە زووترین كات هێرشەكانی رابگرێت و پابەندی ئاگربەست بێت لەپێناو دۆخی مرۆیی غەززەدا.

بەپێی ئامارەكان، تائێستا بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ٤٥ هەزار فەڵەستینی كوژراون و ١٠٧ هەزار و ٥١٢ كەسیش بریندرابوون.