ئـ*ـەحمەد شـ*ـەرع: رووخانی ئەسەد پرۆژەكانی ئێرانی لە ناوچەكەدا ٤٠ ساڵ بردە دواوە
٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
ئەحمەد شەرع رایدەگەیەنێت، رووخانی "رژێمەكەی بەشار ئەسەد" پڕۆژەكانی ئێرانی لە ناوچەكەدا ٤٠ ساڵ بردە دواوە، سوریاش لەمەوداو نابێتە سەكۆیەك بۆ جێبەجێكردنی پلانەكان بۆ دژایەتی وڵاتانی عەرەبی.
"ئەحمەد شەرع فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سوریا"، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "شەرقلئەوسەت" رایگەیاندووە، سوریای ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ببوە سەكۆیەك بۆ ئێران بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنی پایتەختی وڵاتانی عەرەبی و تێكدانی ئاسایشی كەنداو.
راشیگەیاند، دوورخستنەوەی هێزەكانی سەر بە ئێران بە كەمترین زیان لە سوریا رویداوە، لەكاتێكدا دەركردنی ئەو هێزانە بە فشاری سیاسی و كاری دیپلۆماسیی نەدەكرا.
ئەحمەد شەرع لە كۆشكی سەرۆك كۆماری سوریاوە رەخنەی لەو وڵاتە عەرەبیانە گرتووە كە هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان و گەڕانەوەی سوریایانداوە بۆ ناو وڵاتانی كۆمكاری عەرەبی.
ئاماژەی بەوەشكردووە، سوریا چیتر نابێتە سەكۆیەكی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێكی عەرەبی یان كەنداو، چونكە خەڵكی وڵاتەكە هیلاك و ماندووە لە بەكارهێنانیان و جێبەجێكردنی پلانی وڵاتانی دیكە، لەئێستاشدا هەموو سەرنجەكان لەسەر دروستكردنەوەی متمانە و بونیاتنانەوەی سوریایە وەك وڵاتێكی عەرەبی.