ئەمریكا زانیاری نوێی لەبارەی سەردانەكەی باربارا لیف بۆ دیمەشق ئاشكراكرد
٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
باربارا لیف رایگەیاند، واشنتۆن ئەو پاداشتە ١٠ ملیۆن دۆلاریەی هەڵوەشاندەوە كە بۆ پێدانی زانیاری لەسەر ئەحمەد شەرع دیاریكردبوو، هاوكات پێشوازی لەو پەیامە ئەرێنییانەش كرد كە لە میانەی گفتوگۆكاندا لەگەڵیدا دەری بڕیوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای دیداری لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە دیمەشق بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بە پشتبەستن بە گفتوگۆكانیان، ئەحمەد شەرعی ئاگاداركردووەتەوە كە چیتر ١٠ ملیۆن دۆلار بۆ دەستگیركردنی جۆلانی نادەن و ئەو یەكێك نییە لە داواكراوەكانی واشنتۆن.
لیف ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشوازییان لە پەیامە ئەرێنییەكانی ئەحمەد شەرع كردووە و دەیانەوێت پێشكەوتنی زیاتر بەدەستبهێنێت لەسەر وتەكانی لە داهاتوودا.
دەشڵێت، جەختیان لەسەر گرنگی راوێژكاری فراوان لەم قۆناغە راگوزەرەدا بۆ ئەحمەد شەرع كردەوە، لەو رووەوە پاڵپشتی خۆیان لە پرۆسەی سیاسیدا بۆ ناوبراو دووپاتكردووەتەوە بە ئامانجی پێكهێنانی حكومەتێكی گشتگیر كە نوێنەرایەتی سەرجەم سورییەكان بكات لەڕووی نەتەوە و ئایینەوە.
هەروەها دەڵێت، واشنتۆن چاوی لەوەیە دیمەشق بە تەواوی كۆتایی بە هەر ڕۆڵێكی ئێران بهێنێت لە ئاییندەی سوریا.