وەفدی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سوریا ئەحمەد شەرع لە دیمەشق كۆبووەوە، لەبەر هۆكاری ئەمنیش، وەفدەكە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەڵوەشاندەوە.

وەفدەكەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدرا كە بە وتەی سەرچاوەیەكی باڵای تەحریر شام، كۆبوونەوەكە ئەرێنی بووە.

سەرچاوەكان بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسیان وتووە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیان كردووە سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاكانی سەر گەلی سوریا، لەنێویاندا یاسای قەیسەر كە لە ساڵی ٢٠١٦ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بەسەر حكومەتی ئەسەد سەپاندی.

ئەو سەرچاوانە ئەوەشیان زیادكردووە كە وەفدی ئەمریكی باسیان لە لابردنی دەستەی تەحریر شام كردووە لە لیستی تیرۆریستی ئەمریكا.

لە بەرامبەردا ئەكسیۆس لە زاری لێپرسراوێكی ئەمریكییەوە پشتڕاستیكردەوە، كە كۆبوونەوەی وەفدی ئەمریكی لەگەڵ سەرۆكی تەحریر شام باش و بەسود بووە و ئەنجامی ئەرێنی دەبێت.

لە لایەكی دیكەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە دیمەشق هەڵوەشاندنەوەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی بە هۆكاری ئەمنی راگەیاند كە بڕیاربوو باربارا لیف، لە دوای كۆبوونەوەكە سازی بكات بەبێ ئەوەی ناوەڕۆكەكەی دیاریبكات، لەكاتێكدا بڕیارە سەعات ٨:٣٠ خولەك بە كاتی دیمەشق، باربارا لیف كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هەبێت لە بارەی سوریاوە.

بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، وەفدەكە لەگەڵ كۆمەڵگەی مەدەنی سوریا، چالاكوانان و ئەندامانی پێكهاتە جیاجیاكانی سوریاش كۆدەبنەوە، هەروەها كار بۆ ئاشكراكردنی زانیاری سەبارەت بە ونبووەكانی ئەمریكا لە سوریا دەكات.

پێشتر ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندبوو، ئەوەی لە تەحریر شام بیستوویەتی ئەرێنییە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، لە راستیدا چی بۆ داهاتووی وڵاتەكە دەكەن؟.

بلینكن ئەوەشی زیادكردبوو كە دەیانەوێت بۆ تەحریر شام و هەموو دەسەڵاتە نوێیەكان روون بكەنەوە كە بەدوای پشتگیری نێودەوڵەتیدا دەگەڕێن لەوبارەیەوە.

دوای رووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد لە ٨ـی ئەم مانگەدا، واشنتۆن رایگەیاند زیاتر لە جارێك پەیوەندی بە تەحریر شامەوە كردووە و سەرچاوە ئەمریكییەكانیش رایانگەیاندووە، بیر لە لابردنی دەستەكە دەكەنەوە لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی ئەمریكا.

هەروەها زۆرێك لە وەفدەكانی ڕۆژئاوا كە دیارترینیان بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسان، سەردانی دیمەشقیان كردووە و زنجیرەیەك دیداریان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا ئەنجامدا.

دەستەی تەحریر شام كە جیابوونەوەی خۆی لە قاعیدە راگەیاند، دووپاتیدەكاتەوە كە خۆی لە گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەكان دوورخستووەتەوە و هەوڵدەدات كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دڵنیابكاتەوە، بەڵام تائێستاش لەلایەن زۆرێك لە پایتەختەكانی رۆژئاواوە وەك رێكخراوی تیرۆریستی پۆلێن دەكرێت، لەنێویاندا واشنتۆن.

لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٣وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جولانی بە تیرۆریستی جیهانی ناساند و مامەڵەی هاووڵاتیانی ئەمریكی لەگەڵ ناوبراو قەدەغە كرد.

لە ١٠ـی ئایاری ٢٠١٧، پرۆگرامی پاداشت بۆ دادپەروەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، خەڵاتێكی تا ١٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریكی بۆ هەر كەسێك ڕاگەیاند كە دەبێتە هۆی ناساندنی یان شوێنی مانەوەی جۆلانی.