وردەکاریی خنکانی هەشت كۆچبەر لە دەریای ئیجە بەهۆی ژێرئاوكەوتنی بەلەمەکەیانەوە
٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
لە دەریای ئیجە بەلەمێكی كۆچبەران بە ژمارەیەك كۆچبەرەوە ژێرئاوكەوت، تائێستا تەرمی هەشت كۆچبەر دۆزراونەتەوە، ژمارەیەكی دیكەش بێسەروشوێنبوون.
پاسەوانی كەناراوەكانی یۆنان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، تەرمی هەشت كۆچبەریان لە دەریای ئیجە دۆزیووەتەوە كە بەهۆی پێكدادانی لەگەڵ بەلەمێكی پاسەوانی كەناراوەكان لە دوورگەی رۆس ژێرئاوكەوتووە، كە بەخێراییەكی زۆرەوە رۆشتووە و خۆی كێشاوە بە بەلەمی پاسەوانی كەناراوەكان.
وتیشی، "توانیویانە كاپتنی بەلەمەكە دەستگیربكەن".
لەناو رزگاربووەكاندا دوو منداڵ و سێ ژنیان تێدایە و لەكۆی ١٨ كەس كە رزگاركراون، هەشت كۆچبەر برینداربوون كە لەناویاندا ژنێك بە سەختی برینداربووە.
زۆربەی كۆچبەرەكانی ناو بەلەمەكە خەڵكی ئەفغانستانن و دوو كەسیش كە لەناو بەلەمەكەدا بوون، بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە دەستگیركراون كە خەڵكی توركیان.