ئەمریكا كوژرانی سەركردەیەكی داعشی لە بۆردومانێكی ئاسمانیدا لە دێرەزوور راگەیاند
٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا كوژرانی سەركردەیەكی داعشی لە بۆردومانێكی ئاسمانیدا لە دێرەزوور راگەیاند.
لە راگەیەندراوێكدا فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا سێنتكۆم رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە هێرشیان لە دێرەزوور لە باكووری خۆرهەڵاتی سوریا ئەنجامداوە كە بووەتە هۆی كوژرانی دوو ئەندامی داعش كە یەكێكیان سەركردەی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە بووە بە ناوی "ئەبو یوسف" ناسراو بە "مەحمود".
ئاماژەی بەوەشكردووە، هێرشەكەی سەر دێرەزوور بەشێكە لە پابەندبوونی سوپای ئەمریكا لە بەرگرتن بە هەوڵە تیرۆریستییەكان و پووچەڵكردنەوەی پلانەكانیان.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە عێراق و وڵاتانی ڕۆژئاوا هۆشدارییانداوە لە مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سوریا بە تایبەت لەم قۆناغەدا كە خەریكە ململانێ ناوخۆییەكان سەرهەڵدەدەنەوە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بوونی دوو هەزار سەربازی ئەمریكی لە سوریا راگەیاند، دووپاتیشكردەوە كە هێزەكانیان بەردەوام دەبن لە ئەركەكانیان لە سوریا بۆ رێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش.